ئەڤـین ئاسۆ: ئارامۆ شۆڕشێكی خستە نێو میدیای كوردی

ئەڤین ئاسۆ یەكێكە لە پێشكەشكارە سەركەوتووەكانی بەرنامەی رەنگاو رەنگ، لە بەرنامەكانی مێڤان شۆ و چەرخ و فەلەك و بەم دواییەش لە من جیاوازم و بانك زیاتر ناسراو و بەهرە و تواناكانی بۆ جەماوەر بە دەركەوتن و سەلماندی كە خاوەن بەهرەیەكی زۆرە، توانای ئەوەی هەیە سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆی رابكێشی بە قسەكانی و شێوازی پێشكەش كردنی بەرنامەكان، هەرچەندە لەم وڵاتەدا هێشتا زۆر شت ئەگەر قەدەغە نەبێت نیمچە قەدەغەیە و زۆر ئافرەتیش خۆیان لە قەرەی نادەن لە ترسی كاردانەوەی كۆمەڵگا، بەڵام ئەڤین تا رادەیەك ئەو رێچكەیەی شكاندووە، جگە لەو بەرنامانەی لە سەرەوە باسمان كرد رۆڵی هەبوو لە زنجیرە درامای (گەردەلوول) لە پەیوەندییەكدا (ئەڤین)مان رووبەرووی چەند پرسیارێك كردەوە ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
* ئایا تۆ بە رێكەوت هاتوویتە نێو بواری راگەیاندن یان حەز و ئاواتی تۆ بووە؟
- حەز و خولیای بووە.
* كێ رۆڵی هەبوو لە ناساندنی تۆ؟
- هەوڵدانی خۆم و كۆڵ نەدانم و لە ئێستادا كۆمپانیای ئارت و ئارامۆ.
* بەر لە بەرنامەكانی میڤان شۆ بەشداریت لە پێشكەش كردنی هیچ بەرنامەی دیكەدا كردووە؟
- بەڵێ من 8 ساڵ بەر لە ئێستا دەستم بە كاری راگەیاندن كردووە، بەڵام لە دوای دەست بەكاربوونم لە بەرنامەكانی(میڤان شۆ و چەرخ و فەلەك ) بینەر زیاتر ناسیمی و دەركەوتم.
* ئارامۆ چ رۆڵێكی هەبوو لە دەركەوتنی (ئەڤین)دا؟
- ئارامۆ شۆڕشی خستە نێو میدیای كوردی، كەسێكە هاتۆتە كوردستان خزمەتی میدیای كوردی دەكات بەداخەوە زۆر كەس هەستی پێ ناكات، دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوانە ئەوە بڵێم ئەو كارانەی كە ئێستا دەیبینن كە بەرهەمی ئارت كۆمپانییە وەك بەرنامەكانی (میڤان شۆ و چەرخ و فەلەك و بانك و من جیاوازم) و چەندین بەرنامەی تایبەت بە بۆنەكان بەتایبەتی ئەوە بۆ ماوەی 3 ساڵە هەموو نەورۆز و سەری ساڵێك بەرنامەی تایبەتی ئێمە هەبووە هەمووی لەسەر ئاستی باشترین كوالیتی و ناوەۆڕۆك بە دیكۆر و روناكی و وێنەگرتنەوە)، هەمووی لەسەر ئەركی تایبەتی ئارامۆیە، بەداخەوە زۆر كەس هەست بەمە ناكەن و پروپاگەندەیەكی زۆر هەیە كە گوایە ئارامۆ پارەیەكی خەیاڵی وەردەگرێت من وەكو بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئارت و پێشكەشكار لەو كۆمپانیایە و لەهەمان كات وەك هاوڕێی ئارامۆ هیوادار بووم ئەو پروپاگەندانە تۆزێك نزیك بووایە لە ڕاستیەوە، چونكە ئێمە وەك ئارت كۆمپانی توانای كاركردنی 24 كاتژمێرمان هەیە و ئەو تەكنیك و ستافەی كە ئێمە هەمانە لە هیچ كۆمپانی و تەلەفزیۆنێكی كوردستاندا نییە، ئارامۆ ئەگەر بە رەگەز كورد نەبوایە و بهاتایە كوردستان و ئەو پرۆژانەی كە ئێستا دەیكات كەسێكی بیانی بیكردایە ڕەنگە بە چاوێكی تر سەیری بكرابایەو پاڵپشتی بكرایە، بە كوردییەكەی ئێمە بێگانە پەرستین.
* ئایا هەست دەكەن ئێوە دوانەیەكی راگەیاندنكاری زۆر سەركەوتوون؟
- ئەم پرسیارە وەڵامەكەی لای بەڕێزت و بینەرانە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیمانە تا ئێستا كارێكمان نەكردووە كە نەبووبێتە جێگەی سەرنجی بینەر.
* تا چەند سوودتان لە یەكتری وەرگرتووە؟
- دیارە ئارامۆ لە ناساندنی من ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت و ئەو كە پڕ لە زانیاری و داهێنانی جۆراو جۆرە بە دڵنیاییەوە من سودی زۆرم لی بینیوە وەك ( دان بە خۆداگرتن، خۆشە ویستنی وڵات، خزمەتكردنی لە بوارەكەی و چاوەروان نەكردنی پاداشت، حەزكردن بە میللەت، فێربوونی زاراوەی كرمانجی، تازەگەریی، كاركردن بە جددی و خۆ نەفرۆشتن لە پێناو حەز و ئارەزووەكان).
* بەشداری كردنت لە زنجیرەی گەردەلوول چۆن بوو؟
- لەسەر راسپاردەی دەرهێنەر بوو.
* ئەگەر ئێستا داوات لێبكرێ لە بەشەكانی داهاتووی گەردەلوولدا بەشداری بكەی رازی دەبی؟
- راستە زنجیرە درامای گەردەلول سەركەتوو بوو، بەڵام من ئێستا كاتم زۆر كەمە، بۆیە ناتوانم بەشداری لە هیچ فیلم و درامایەكدا بكەم ئەگەر لە ڕێگەی ئارت كۆمپانی بەرهەم نەهێنرێت.
* لە جیهان واباوە كچە راگەیاندنكارە سەركەوتووەكان لە كاری نواندنا رۆڵی جیایان پێ دەسپێردرێ ئایا جگە لە گەردەلوول هیچ رۆڵێكی دیكە بە تۆ سپێردراوە ؟
- پێشنیاری زۆر هەبوون، كۆمپانیای ئارت ستایلی ئیش كردن و كاری سەرەكی بە ماركە كردنی هەر بابەت و كەسێكە، من ئێستا كەسێكم كە بومەتە ماركە بۆیە كاری سەرەكی من پێشكەشكردنی بەرنامەیە.
* بۆ خۆت حەز دەكەی رۆڵی پاڵەوانت هەبێت لە فیلمێكی سینەمایی بەرز یان درامایەكی سەركەوتوودا ؟
- ئەگەر بڕیاری بەشداری كردن بكەم بێگومان ئەو رۆڵەم پێ دەسپێردرێت ئەگەر ئەكتەرەكانی تریش كەسانێكی ناسراو لێهاتوو نەبن ئامادە نابم رۆڵی پاڵەوانیش ببینم.
* ئەڤین ئاسۆ لەچیدا جیاوازە؟
- لە هیچدا جیاواز نیم.
* زۆر كەس دەڵێن ئەڤین و د. بەلقیس هۆكاری سەركەوتنی بەرنامەی (من جیاوازم) بوون بەڕای تۆ ئەمە راستە؟
- هەموومان لە سەركەوتنی بەرنامەی من جیاوازم سەركەوتووین، چونكە ئەگەر ئارامۆ ئەم پرۆژەیەی جێ بە جێ نەكردایە من و د. بەلقیس دەرنەدەكەوتین، دەرهێنەر كە ئافرەتێكە و لە وڵاتی توركیاوە هاتووە ڕۆڵی سەرەكی هەیە، هەموو بابەتەكانی دیكۆر و روناكی و وێنەگرتن و هاوكارانمان و بەشداربووان رۆڵیان هەیە لەسەركەوتنی بەرنامەكە.
* لە بەرنامەی (من جیاوازم)دا چ شتێك زۆر سەرنجی راكێشای؟
- هەبوونی ئەو هەموو توانایە و شاردنەوەیان تا كاتی هەبوونی ئەم بەرنامە و سەیركردنی بینەر بەرێژەیەكی زۆر جیاواز لە هەموو بەرنامەكانی تری میدیای كوردی ئەمەش بە قسەی من نا بە باس كردنی هەمیشەیی ئەم بەرنامەیە لە هەموو جێگاو ماڵ و بازاڕ و شەقام و زانكۆ و جێگا حكومی و ڕۆژنامەو گۆڤارەكان.
*حەز دەكەی بگەیت بە ئاستی كێ لە كچە راگەیاندنكارە بیانی و عەرەبەكان؟
- ئەمەوێت تەنها ئەڤین بم.
* ئەگەر داوات لێبكرێ بەرنامەی سیاسی پێشكەش بكەیت ئامادەی پێشكەشی بكەیت؟
- هیچ تێكەڵی سیاسی نابم و حەزم لێی نییە، بەڵام بێژەر ئەكتەر بۆ ئەو ڕۆڵە نازانم لە داهاتوودا چ بڕیار دەدەم، بەڵام پێشتر یەكێك بووم لە پێشكەشكاری هەوڵەكان لە ڕادیۆ و تی ڤی دا.
* دوای بەرنامەی (من جیاوازم) چی نوێتان هەیە پێشكەشی بكەن؟
- وەك هەمیشە چاوەڕوان بن.