بڵند ئیبراهیم لە كەتەلۆنییەكانە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (بڵند ئیبراهیم) لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆشەی (وەرزش لە دیدی هونەرمەندان)ـدا، باسی لە چەند لایەنێكی ژیانی خۆی لە گەڵ وەرزش كرد.
* دنیای (بڵند ئیبراهیم) تا چەند لە وەرزش نزیكە؟
- وەرزشم زۆر خۆش دەوێ، زۆر جار حەزم كردووە یاریی تۆپی پێ ئەنجام بدەم، بەڵام لەبەر كارە هونەرییەكانم ئەوەم نەتوانیوە، لەگەڵ ئەوانەیشدا یاریی مەلەوانی ئەنجام دەدەم و زۆر پێی ئاسوودەم، هەروەها زۆرجار حەز دەكەم بە پێ بڕۆم، چونكە ئەوەیش هەر وەرزشە.
* تەماشای یارییەكانی تۆپی پێ دەكەیت ؟ هاندەری كام یانە و هەڵبژاردەی جیهانیت؟
- بەردەوام سەرنجی یارییەكان دەدەم، هاندەرێكی سەرسەختی یانەی (بەرشلۆنە)ـی ئیسپانی و هەڵبژاردەی (ئیتاڵیا)ـم.
* ئەی لە یانەكانی كوردستان ؟
- هاندەری یانەی (دهۆك)ـم و خۆشم دەوێن، هەروەها بە ئەنجامەكانی یانەی هەولێر دڵخۆشم، بە تایبەتی لەكاتی ئەنجامدانی یارییەكانی جامی ئاسیا، زۆرم پێ خۆشە ئەنجامێكی باش بە دەست بهێنێت، ئەگەر یانەی هەولێر گەییشتە یاریی كۆتایی ئەو جامە، ئامادەم بچم لە نێو ئەو یاریگەیەی یاریی كۆتایی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئاهەنگیان بۆ ساز بكەم و هانیان بدەم.
* ئەدی لە یاریزانان بە یاریی كامیان سەرسامی ؟
- سەرسام بووم بە یاریكردنی یاریزانان (بژار ئیسماعیل) كە لە یانەی دهۆك یاریی دەكرد، (سەڵاحەددین سیامەند) یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر و (هاوار محەممەد) یاریزانی هەڵبژاردەی عێڕاق، هەروەها بە یاریكردنی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا (دێلپییرۆ) و (مێسی)ـی ئەرژەنتینی سەرسامم.
* بیرت لەوە نەكردووەتەوە گۆرانییەكی وەرزشی تۆمار بكەیت؟
-ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێت، زۆرم پێ خۆشە، بەڵام پێویستە بە شێوازێكی باش كاری بۆ بكەم، مەبەستمە هەموو جۆرەكانی وەرزش لە خۆی بگرێت.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
07703777002