نزیكەی (55) هەزار دۆلارم لە بەرهەمهێنانی ئەلبوومی ئەمجارەمدا خەرج كردووە:پێش ئەوەی ئەلبوومەكەم بڵاو بكرێتەوە پێنج گۆرانیم لێ دزرا

گۆرانیبێژ (هەڤاڵ ئیبراهیم) لە میانەی لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەربارەی ناوەڕۆكی دوایین ئەلبوومی گۆرانی خۆی و بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی، پێی وایە ئەلبوومی ئەمجارەی وەكوو ئەلبوومەكانی دیكەی نییە و ئەلبوومی ئەمجارەیانی پێ باشترە.
هونەرمەند لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێش ئەوەی ئەلبوومەكەی بڵاو بكرێتەوە چەند گۆرانییەكی لێ دزراوە.

ئەلبوومی ئەم جارەم، جیاوازی زۆرە لەگەڵ بەرهەمەكانی پێشووترم
(هەڤاڵ ئیبراهیم) لە سەرەتادا ئاماژەی بۆ دوایین ئەلبوومی گۆرانی خۆی كرد و گوتی:” لە ئەلبوومی ئەمجارەمدا هەوڵمداوە گۆرانكارییەكی بەرچاو بكەم، بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمەكانی پێشووترم، ئەوەشیان گوێگر و جەماوەری هونەر دۆست لە كاتی گوێبیست بوونیان بۆ ئەلبوومی ئەم جارەم ئەو جیاوازییە بەدی دەكەن. كاری مووزیكم لە وڵاتی توركیا ئەنجامداوە، جگە لەوەش لە كاری هونەرییدا هەردەم باوەڕم وابووە، ئەگەر لە كارێكدا یاخوود لە بەرهەم هێنانی ئەلبوومێكدا نەتوانم كارێكی تازە بهێنمە بوون، پێم وایە بێدەنگ بوون باشترە بۆ هونەرمەند”.

لە ئەلبوومەكەمدا گۆرانییەكی مامۆستا (تاهیر تۆفیق)ـم گوتۆتەوە
(هەڤاڵ) لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا باسی لە ناوەڕۆكی ئەلبوومە تازەكەی كرد و گوتی:” ئەلبوومەكەم پێكهاتووە لە (13) تراكی گۆرانی، ناوم لێناوە (من چ كرییە)، گۆرانییەكم بە شێوەی “دووێت” لەگەڵ خانمە هونەرمەندێكی باكووری كوردستان بەناوی (عەیشێ) گوتووە، چوار گۆرانیشم بە شێوەزاری سۆرانی تۆمار كردووە، كە یەكێكیان گۆرانییەكی هونەرمەند مامۆستا (تاهیر تۆفیق)ـە، گۆرانی (بولبول لەسەر چڵانت) بە شێوازێكی تازە كاری موزیكم بۆ كردۆتەوە، جگە لەوەش گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە نەمرانەی وەك مامۆستا (تاهیر) وەك قوتابخانەیەك و گەنجینیەك وایە بۆ ئێمەی گۆرانیبێژانی ئێستا، جگە لەوەش جەماوەری سۆرانی لە شاری (هەولێر و سلێمانی) پێشوازییەكی باشیان لێكردم، بەتایبەتی لەو ئاهەنگانەی كە لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا سازم كرد. بۆیە لە ئەلبوومی ئەمجارەمدا ژمارەی گۆرانییە سۆرانییەكانم زیاد كرد بۆ چوار گۆرانی، جگە لەوانەش حەز دەكەم ئاماژە بۆ ئەوە بكەم، من لە سەرەتایی كاركدنمدا جیاوازییم نەكردووە لە نێوان شێوازی گۆرانی گوتن بە شێوەزاری سۆرانی یاخوود كرمانجی، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ئەلبووكەم بڵاو دەبێتەوە”.
هونەرمەند لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێش ئەوەی ئەلبوومەكەی بڵاو بكرێتەوە چەند گۆرانییەكی لێ دزراوە و گوتی:” دوای ئەوەی ئەو هەموو ماندوو بوونە و خەرجكردنی نزیكەی (55) هەزار دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئەلبوومی ئەمجارەمدا، كەچی بە داخەوە پێش ئەوەی ئەلبوومەكەم بڵاو بكرێتەوە پێنج گۆرانییم لێ دزرا، ئەویش لەو كۆمپانیایە بردراوە كە ئەركی بڵاو كردنەوەی ئەلبوومەكەی منیان گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام ئەو گۆرانیانە بەشێوەیەكی ناتەواو بڵاو كرایەوە، چونكە كاری سوكێنسەر میكس و دابەشكردن و رێكخستنی دەنگی تەواو نەكرابوو، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە تا ئێستا حیساب بۆ مافی بەرهەمی هونەرمەندان ناكرێت، بەو هەموو ماندوو بوونە كار بۆ بەرهەم هێنانی گۆرانییەكانمان دەكەین، كەچی لە دواییدا بازاڕ و سەنتەری سیدی فرۆشەكان و تۆمارگەكان دەبنە خاوەنی قازانجەكەی.

زۆر حەز دەكەم كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز بكەم
(هەڤاڵ ئیبراهیم) هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە زۆر حەز دەكات كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز بكات و لەم بارەیەوە گوتی:” دەمێكە بیرم لەوە كردۆتەوە كۆنسێرت لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی ساز بكەم، لە دوای بڵاو بوونەوەی ئەلبوومەكەم، هیوادارم بتوانم ئەو كارە بە ئەنجام بگەینم، چونكە جەماوەری ئەو دوو شارە لە سەرەتایی كار كردنمدا زۆر ڕێزیان لە بەرهەمەكانی من گرتووە و بە شێوەیەكی باش پێشوازییان لە بەرهەمەكانی من كردووە و ڕێزم بۆ هەموو جەماوەری هونەردۆستی كوردستان هەیە لە سەرجەم شارەكانی كوردستان، چونكە دەنگی من و هونەری من بۆ خزمەتی ئەوانە، بۆیە تا بمێنم بۆ ئەوان گۆرانی دەڵێم.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا