كامەران عومەر واز لە گۆرانی گوتن دەهێنێت؟

(كامەران عومەر ) ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ناو هونەرو گۆرانی كوردییە لە خێزانێكی هونەردۆست و هونەر پەروەر هاتۆتە دونیاوە، كە چەندین هونەرمەندی بە توانای هێناوەتە گۆڕپانی گۆرانی و موزیكی كوردی و خزمەتێكی زۆریان پێشكەش بە هونەری كوردی كردووە، هونەرمەند كامەران عومەر ساڵانێكە توانیویەتی خزمەتێكی بەرچاو بەبواری هونەری گۆرانی كوردی بگەیەنێت، سەرەتای دەسپێكی كاری هونەریشی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی ساڵانی حەفتاكان و سەرەتای ساڵانی هەشتاكان، ستایلی كاركردنی ستایلێكی تاڕادەیەكی باش ڕەسەن و تایبەت بەخۆی بووە، كامەران عمر لای عاشقانی دەنگی و كەسانی پسپۆری بواری مۆسیقاش بە مقام بێژێكی بەتوانا ناسراوە دەمێك بوو بێدەنگی ئاسمانی هونەری داپۆشیبوو، ئەوە بوو ماوەیەك بەر لەئێستا توانی ئەو بێدەنگییە بشكێنێت بە بەرهەمی (دیسان ئاهێك)كە ئەم بەرهەمە خۆی بۆ خۆی دەنگ دانەوەیەكی باشی هەبوو، هەروەها ماوەیەك بەر لە ئێستا دەنگۆی ئەوەی بڵاوكرایەوە كە هونەرمەند كامەران عومەر بە نیازە بە یەكجاری واز لە گۆرانی گوتن بهێنێت، بۆیەش ئێمەش بۆ ئەوەی لەسەر زاری خۆیەوە ئەم مەسەلەیە بزانین و لە راستی و نادروستی دڵنیا بین و ئەگەر راست بێت هۆكارەكان چین كەوا لە هونەرمەندێكی بەتوانا كە ماوەیەكی زۆرە بوونی خۆی سەلماندووە لە گۆڕەپانی هونەری كوردی و خاوەن بەهرەیەكی هونەری زۆرە و جەماوەرێكی زۆریش تامەزۆری گوێگرتن لە گۆرانییەكانی دەكەن و ئەو كاتەی كە دابڕابوو لە هونەر هەمیشە بەدوای ئەوەوە بوون بزانن كەی دەگەڕێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی باسی لە دوایین بەرهەمی خۆی بكات كە دوای ئەوەی بێدەنگی چەندین ساڵەی شكاند، سەردانمان كرد و ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی سازكرد.
دیمانە:سۆران مارف كریم
Soranmarif@hotmail.com


*تا چەند ئەم بەرهەمە نوێیەت پێشوازییەكی باشی لێكرا لەلایەن جەماوەر و هەوادارانی دەنگی هونەرمەند كامەران عومەر؟
- دەتوانن پرسیار لە هەوادارانی گۆرانی و مۆسیقای كوردی بكەن دەتوانن بچن ناوەندەكانی بڵاوكردنەوەی كاری هونەری بدوێنن، ئەوان وەڵامی ئەوپرسیارەتان بدەنەوە حەز دەكەم من ئەوەتان پی بڵێم كە دوو جار دواین بەرهەمی من بە ناوی (دیسان ئاهێك) كۆپی كراوەتەوە بەشێوەی ئۆرجیناڵ لە وڵاتی توركیا ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە دواین كاری هونەری من زۆرترین فرۆشی هەبوو
*هەندێك كەس پێیان وابوو كەوا كامەران عمر ناتوانێ وەك جاران پەیامە هونەرییەكەی خۆی بگەیەنێت تۆ ووستت لەڕێگەی ئەم بەرهەمە چۆن وەڵامیان بدەیتەوە ؟
-ئەوەی كە دەڵێن كامەران عومەر وەك جاران توانای نەماوە ئەوە بۆ خۆی دەڵێت من ئەگەر توانای مادیم هەبێت توانای ئەوەم هەیە هەموو ساڵێك بەبەرهەمی نوی دڵیان پاراو بكەم
*تاچەند توانیت لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە سەد لەسەد پەیامە هونەرییەكەی خۆت بگەیەنیت ئایا پێت وایە دوای ئەو هەموو بێدەنگییە دواین بەرهەمی هونەریتان قەرەبووی چەند ساڵێك بی دەنگی تۆی كردۆتەوە ؟
-من تەنها باڵم و خۆم بەتەنها خۆم كرد بە كامەران عومەر ئەگەر پاش هەر دە ساڵێك تەنها یەك گۆرانی بڵێم دەتوانم بەو گۆرانییە دڵی جەماوەرەكەم ڕازی بكەم هونەر بە زۆری و بۆری پێش ناكەوێت دەبێت هونەرمەند كاری كەم و پوخت پێشكەش بكات هونەرمەندمان هەیە تەنها شەش گۆرانی تۆمار كردووە بەڵام دەنگی هەتا هەتایە نەمرە.
*لایەنی پەیوەند دار تاچەند هاوكاری تۆبوون بۆ بەرهەمهێنانی ئەم سێدییەت؟
-وازم لێبێنن من زیاتر لە دە جار ڕووم كردۆتە وەزارەتی ڕۆشنبیری كەچی بەداخەوە بە نائومێدی هاتومەتە دەرەوە تەنانەت لە كاتی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا جەنابی وەزیری ڕۆشنبیری خۆی وەعدی هاوكاری كردنی پێدام، بەڵام بە داخەوە بە تایبەتی لە سلێمانییەوە چووم بۆ هەولێر بەمەبەستی چاوپێكەوتنی بەڕێزیان دەرفەتی پێنەدام چاوم پێی بكەوێت وە هەموو كارمەندەكانیش زۆریان پی ناخۆش بوو لە كاتێكدا وێنەشیان لەگەڵدا گرتم من لە دڵەوە گریانم دەهات كەجەنابی وەزیر نازانێ من (كامەران عومەر)م و چەند جەماوەرم هەیە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە هۆی بەشداریشم لە كۆنگرەی (19)ی پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئستا لە سلێمانی (19) مەتر زەویشم وەرنەگرتووە من ئەوە یەكەم جار نییە دڵم دەشكێت بڕوا بكەن ئەگەر خۆم هەڵبژێرم جەماوەرێكی زۆر لە قسەی كامەران عومەر دەرناچن و دەنگم دەدەنێ من یەكەم كەس بووم لەگەڵ هونەرمەند ( كاظم ساهر) لە شاری سلێمانی كۆنسێرتم ئەنجام داوە لە ساڵی (1989) ئێستا ئەو لە كۆیی هونەردایەو من لە كوێی هونەردام، بەداخەوە جارێكی تر دەڵێم من (38) ساڵە لەخزمەتی هونەری كوردیدا كار دەكەم كەچی جەنابی وەزیری ڕۆشنبیری نامناسی من هەستام ماڵو منداڵەكەم لەسلێمانی بە جێهێشت كەچی وەزیری رۆشنبیری دەرگای لێنەكردمەوە.
*بۆچی تەنها كلیپەكانت لەكەناڵی ئاسمانی كورد سات دەبینرێ تۆ پڕۆژەی كلیپ كردنت لە بەردەستە بۆبەرهەمە نوێیەكانت ؟
-لەڕاستیدا كەناڵی كوردسات هاوكارم بوون بۆ ئەنجام دانی كاری كلیپ و كاری كلیپەكانیش لەبەرهەمهێنانی خۆیان بووە و من خۆشم ناچم بۆ كەنالێك داوای كلیپ بكەم ئەگەر خۆیان بانگێشتم نەكەن ئێستا حەز دەكەم ئەوە ڕابگەیەنم سەرقاڵی ئامادەكردنی چەند بەرهەمێكی نوێم تۆماری بكەم لە هەمانكاتدا كاری كلیپیشیان بۆئەنجام دەدەم، بە هاوكاری كەناڵی كوردسات و نیازم چەند گۆرانییەكی كۆنیش نوێ بكەمەوە هیوام وایە جەماوەرەكەم ئاسودە بكەم
*دەڵێن واز لە گۆرانی گوتن دەهێنی ئەمە ماوەیەك بەر لە ئێستا لە میدیاكاندا بڵاو كرایەوە باشە ئەگەر وایە بزانین هۆكارەكانی وازهێنانی تۆ لەكاری هونەری چییە ؟
-بەڵی من ووتومە خوای گەورە هیدایەتم بدات بە ئاشكرا لە گشت دەزگاكانی راگەیاندن رایدەگەیەنم كە بەیەكجاری ماڵئاوایی لە هونەر و گۆرانی گوتن دەكەم و روو دەكەمە خوێندنی قورئانی پیرۆز، چونكە ئەمە وەسیەتی باوكی خوالێخۆشبووم بووە هەمیشە دەیگوت قورئان بخوێنە، چونكە ئەو بەهرەیەی تۆ هەتە بەهرەیەكی خواییە، منیش كاتێك ئەو بڕیارەم دا ئیدی بەیەكجاری واز لە گۆرانی دەهێنم و هەرگیز ناگەڕێمەوە ناو هونەری گۆرانی، ماڵئاوایی لەئاشقانی دەنگم دەكەم و خەڵكانێكی زۆریش هەن پشتگیری من دەكەن بۆ ئەوەی ( قورئان ) بخوێنم ئێستا چاوەڕێی تەواو كردنی ئەو چەند ماددەیەم دواتر بەیەكجاری خواحافیزیتان لێدەكەم وە خوای گەورە لێبوردنی زۆرە .
*لە ناو هونەرمەندان ململانێیەك هەیە كە بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت، تۆ چۆن دەڕوانیتە ئەو ململانێیە ؟
-من بەشتێكی زۆر ئاسایی دەزانم، چونكە خەڵكی ئەمڕۆ بە ئاسانی دەتوانی كارە خراپەكان لە كارە باشەكان جیا بكاتەوە.
*باشە قەیرانی گۆرانی كوردی لەچیدا دەبینیتەوە ؟
-بە داخەوە ئەمڕۆ گۆرانی كوردی ڕۆژ بەڕۆژ لاواز تر دەبێت، چونكە هەرچی گۆرانی عەرەبی و توركییە هاتن كردیان بەكوردی سەرەڕای ئەمەش چوونپارەیەكی زۆریشیان بۆ خەرج كرد، بەڵام لە هەمان كاتدا خەڵكانیش هەن كەوا هونەری رەسەنی كوردییان خۆش دەوێت و كلتوریان لەیاد نەكردووە و هەمیشە بەردەوامن لەسەر پێشكەشكردنی كاری هونەری جوان كە مۆركی كوردی پێوە بێت و مرۆڤ هەست بەبوونی رەسەنایەتی لە بەرهەمەكانیاندا بكات، بەڵام ئەوانیش بە پەنجەكانی دەست ناژمێردرێن .
*ستایلی كاركردنی ئێوە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ ستاندارە، پێت وانییە ئەمڕۆ خەڵكی پێویست بە شێوازێكی نوێ هەیە و ئەو ستایلەی ئێوەیان لە یاد كردووە تۆ وەكو كامەران عومەر چۆن دەتوانیت ئەمڕۆ كوێگری گۆرانی نوێ بە لای خۆتدا ڕابكێشی
-وەكو ئاماژەم بۆكردووە من لەماوەی دە ساڵدا تەنها یەك گۆرانی پێشكەش جەماوەرەكەم بكەم دەتوانم هەوادارانی دەنگی كامەران عومەر ڕازی بكەم ئێمە لە سەرەتاوە بناغەیەكی باشمان بۆ هونەری خۆمان داڕشتووە، بۆیە هەموو كاتێك دەتوانین گوێگری گۆرانی كوردی بەلای خۆماندا ڕابكێشین.