سەید ئەحمەد ڕواندزی لە ژیانمدا دوو گۆڵم بە ڕێكەوت تۆمار

هونەرمەندی بە ئەزموونی موزیكژەن، مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕواندزی) لە میانەی گۆشەی هەفتانەی (وەرزش لە دیدی هونەرمەندا)دا، بەم شێوە باس و سەربردەی خۆی لەگەڵ دونیای وەرزشدا باس كرد.
(سەید ئەحمەد) لە سەرەتاوە گوتی: ئەو كاتەی لە ڕواندز دەژیام، لە قۆناغی ناوەندیی خوێندندا بووم، بەر لەوەی بچم بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكان لە موسڵ، یاریی تۆپی پێم لەگەڵ هاوڕێیانی ئازیز و هونەرمەندان (ئامانج غازی، چەتۆ نەورۆز و سیروان سیرینی) دەكرد و تیپێكی تۆپی پێمان بە ناوی (ئاشنا) دامەزراند و ساڵانێكی زۆر ئێواران یاریمان دەكرد و زۆر خۆش بوو.
ئەو هەروەها دەڵێت: لەلای چەپ یارییم دەكرد وەك هێرشبەر، بەڵام تۆپم زوو لێ دەسێندرا، بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی یارییشم كرد، تەنیا (2) گۆڵم تۆمار كرد، ئەویش بە ڕێكەوت بوو، چونكە لەو باوەردا نەبووم بچێتە گۆڵەوە، بەڵام بروام وایە بۆ یاریزانی تۆپی پێ خۆشترین كات ئەو كاتەیە گۆڵ تۆمار دەكات.
لە بارەی ئاشنایەتیی ئێستای لەگەڵ وەرزشدا، (سەید ئەحمەد) گوتی: "ئێستاكەیش حەزم لێیە یاری بكەم، زۆرجار ئێواران لە یاریگە چیمەنەكانی شاری هەولێر یاری دەكەم، بەڵام بەهۆی كارە هونەرییەكان بوارم كەمە، لەگەڵ ئەوەیشدا سەیری یارییەكان دەكەم، هاندەرێكی سەرسەختی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیم، ئەنجامە خراپەكانی ئەمساڵیم زۆر پێ ناخۆش بوو، زۆر پێی بێتاقەت بووم، هەروەها هاندەری هەڵبژاردەی (ئەرژەنتین)ـم و سەرسام بە یاریكردنی (ڕۆناڵدینهۆ و مێسی). لە یانەكانی كوردستانیش زۆر بە ئەنجامەكانی یانەی (هەولێر) دڵخۆشم، بە تایبەتی چوونی بۆ قۆناغی هەشتەمی جامی ئاسیا.
(سەید ئەحمەد) سەربوردەیەكی خۆش دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەو شەوەی ڕیال لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە یاری هەبوو، متمانەیەكی زۆرم هەبوو ئەنجامەكە لە بەرژەوەندی ڕیاڵ دەبێت، بەڵام بە داخەوە تووشی گەورەترین دۆڕاندن هات، ئەوەی ناخۆشتریش بوو، تەلەفۆن و (SmS)ـی زۆرم بۆ دەهات، بە تایبەتی تەلەفۆنێكی هاوڕێی هونەرمەندم (هاوتا ئەسعەد) كە گوتی: باشە سەید، ئەرێ (6) گۆڵ زۆر نەبوو..؟
(سەید ئەحمەد ڕواندزی) پێی وایە "وەرزش و هونەر لە یەكدی نزیكن، بە تایبەتی ئەو هونەرمەندانەی موزیكژەن بن، پێویستە وەرزشوان بن، چونكە ئەو ڕاوەستانە لە سەر پێ بۆ ماوەی چەند سەعاتێك و ژەنیننی ئامێری موزیك، پێویستی بە توانایەكی باش و لەشێكی وەرزشی هەیە، موزیكژەنینیش خۆی وەرزشێكە و دەبێت گیانێكی وەرزشی هەبێت.
(سەید) ئاشكرای كرد كەوا بە نیازە تیپی تۆپی پێی هونەرمەندان دابمەزرێنێت، لێمان پرسی پێكهاتەی تیپەكەت چۆن دەبێت؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی: "زۆر حەز دەكەم و چەندین جاریش هەوڵم داوە تیپێك دابمەزرێنم و پێكهاتەكەشی بەم شێوەیە دابنێم: (م . شێرزاد سەرسپی) بكەم بە گۆڵچی، (ئیبراهیم حەكیم و چەتۆ نەورۆز و عارەب عوسمان) بكەم بە هێڵی بەرگری، (قادر ئەسعەد و بژار دیلان و ڕێبین جەماڵ) بكەم بە هێڵی ناوەڕاست، (هێمن حوسێن و هەڵبەست سەڵاح) لە باڵی ڕاست و چەپ یاری بكەن، (هاوتا ئەسعەد و ئامانج غازی) بكەم بە هێرشبەر، هەریەكە لە (نایف شێخانی و ئاراس كۆیی و زانا ئەنوەر)ـیش وەك یاریزانی یەدەگ بن، منیش وەك ڕاهێنەر سەرپەرشتی تیپەكە بكەم.
هەولێر وەرزش – عەبدولغەفار عەبدوڵڵا