شەهێن تاڵەبانی: ئەگەر مردم هیچ مەراسیمێك و یادێكم بۆ ڕێك نەخەن

خانمەهونەرمەندی گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، (شەهێن تاڵەبانی) لە میانەی دیمانەیەكیدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" باسی لە چەند لایەنێكی كارە هونەرییەكانی خۆی كرد.

چیتر ناتوانم ئەلبوومی گۆرانیی
بەرهەم بهێنم
لە سەرەتای لێدوانەكەیدا ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ئەو توانایەی نەماوە بتوانێت ئەلبوومی گۆڕانیی بەرهەم بهێنێت و گوتی: " لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، (3) ئەلبوومی گۆرانییم لەسەر ئەركی خۆم هێنایە بەرهەم و بڵاو كرایەوە، كە خەرجی هەر سێ ئەلبوومەكە لەسەر ئەركی خۆم بوو، بەڵام بەشێكی بچووكی ئەو خەرجییە نەهاتەوە دەستم، بۆیە بڕیارمداوە لەمەودوا چیتر ئەلبووم بەرهەم نەهێنم، بۆ خۆشەویستی جەماوەر ناوە ناوە گۆرانییەك بڵاو دەكەمەوە".

گۆرانییەكم بۆ شاری (كەركووك) تۆمار و كلیپ كردووە، تاوەكوو ئێستا پیشان نەدراوە
خانمەهونەرمەند لە بەشێكی دیكەدا ئاماژەی بۆ تۆماركردنی گۆرانییەك كرد، كە بۆ شاری (كەركووك و كرماشان)ـی گوتووە و، دەڵێت: " لەو ماوەی كە بەسەردانێك گەڕامەوە بۆ كوردستان، بیرم لەوە كردەوە چەند گۆرانییەك تۆمار بكەم، گۆرانییەكی جوانم بۆ شاری ئازیزی كەركووك تۆمار كرد و، لە ناو دیمەنە جوانەكانی ئەو شارەدا و بە هاوكاری كۆمپانیای چوارچرا و (عیرفان زەنگەنە) سوپاسیان دەكەم كاری كلیپكردنم بۆ ئەنجام دابوو،، بەڵام نازانم بۆچی تاوەكوو ئێستا نەدراوە بە كەناڵە tv ییەكان و بڵاو نەكراوەتەوە، گۆرانییەكەی كرماشان، كاری تۆمار كردنی تەواو بووە، بڕیارم داوە لەناو كرماشان كلیپی ئەو گۆرانییەیش ئەنجام بدەم.

حەزم دەكرد بەیەكجاری بگەڕێمەوە بۆ كوردستان خزمەتی منداڵانی كوردستان بكەم
(شەهێن تاڵەبانی) لە میانەی ئەو لێدوانەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە بەنیاز بووە بەیەكجاری بگەڕێتەوە بۆ كوردستان و، ناوبراو لەو بارەیەوە دەڵێت: " لە دوایین سەردانم بۆ كوردستان، بڕیاری ئەوەم دابوو بە یەكجاری بگەڕێمەوە، تاوەكوو ئەو تەمەنەی ماومە لە كوردستان بەسەری ببەم، چونكە من ماوەی (20) ساڵە لە تاراوگە ژیان بەسەر دەبەم و پێم خۆش بوو بێمەوە بۆ كوردستان و خزمەتی وڵاتەكەی خۆم بكەم، داوای شتێكی گەورەم نەكرد بوو بۆ مانەوەی یەكجارییم لە كوردستاندا، من ویستم خزمەتی منداڵانی وڵاتەكەم بكەم، ئەو پڕۆژەی كە هەمە بۆ خزمەتی منداڵانی لادێیەكانی كوردستانە، جگە لەوەیش بۆ كارە هونەرییەكانم زۆر باش و گونجاو بوو بۆ من، بەداخەوە كۆمەڵێك بەڵێنیان پێدام هیچی نەهاتە دی، بۆیە ناچار بووم جارێكی تر ژیانی دوورە وڵاتی هەڵبژێرم و بچمەوە وڵاتی بەریتانیا، كە مردیشین ئینجا بەشان و باڵماندا هەڵدەڵێن، هەروەكوو (سڵاح داودە، قاڵە مەڕەی شمشاڵ ژەن و حوسێن میسری)، بەداخەوە ئێمە زیندوكوژی مرد و پەرستین، ئاخر سەیرم پێدێت! لە وڵاتی ئێمەدا هونەرمەندێك تا نەمرێت قەدری نازانین، وەرن سەیر بكەن ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەیان هونەرمەندمان هەیە لەماڵەكانیاندا دانیشتوون و توانای تۆماركردنی یەك گۆرانیشیان نییە، بەداخەوە نازانم بۆ وایە"؟!
كۆنسێرتم لە (هەولێر)
ساز نەكرد
(شەهێن) هەروەها ئاماژەی بۆ سازدانی كۆنسێرتێك كرد لە شاری هەولێر، بەڵام لەبەر پارە كێشەی بۆ دروست بووە، و لەم بارەوە گوتی: " لە دوایین سەردانم بۆ كوردستان، لەسەر داواكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و خودی وەزیری ڕۆشنبیری بڕیاریاندا كۆنسێرتێك لەو شارە ساز بكەم، من داوای گرووپێكی مووزیكم كرد، كە پێكهاتبوون لە چەند مووزیكژەنێكی بەتوانا بە سەر پەرشیتی مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕەواندزی)، ویستم ئەو كۆنسێرتە ساز بكەم، چونكە من لەگەڵ ئەو گرووپەدا پێشتر كارم كردووە، بۆ من باشتر بوو لەگەڵ ئەواندا ئەو كارە بكەم، بەڵام بەداخەوە كارەكە نەكرا، بۆیە من لێرەوە داوای لێبوردن لە جەماوەری هونەردۆستی شاری هەولێر دەكەم، بەداخەوە ئەگەر هونەرمەندانێكی غەیرە كورد بهێنن بۆ كوردستان ئامادەن هاوكاری بكەن، بەڵام هاوكاری ئێمە ناكەن".

ئەگەر مردم داواكارم هیچ مەراسیمێك و یادێكم بۆ ڕێك نەخەن و نامەوێت
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا (شەهێن تاڵەبانی) ڕایگەیاند: " ئەو قسەیە بۆ مێژوو دەكەم، ئەوە پەیام و داواكاری منە ئەگەر مردم هیچ مەراسیمێك یان چلەی ماتەمەینی و دەیان ناوی ترم بۆ ڕێك نەخەن و نامەوێت، چونكە من كە مردم ئەو شتانە هیچ بایەخێكی نە بۆ من نە بۆ كار و بەرهەمە هونەرییەكانم نابێت، بۆیە لەدوای مردنم نامەوێت كەس خۆی بەمنەوە ماندوو بكات و دەیان دەفتەر دۆلار لە یادەكردنەوەی مندا خەرج نەكەن". عەبدولغەفار عەبدوڵڵا